کیم جۆنگ ئون، پشتیوانی خۆی بۆ ڕووسیا لەشەڕی دژی ئۆکرانیا دووپاتکردەوە
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی پیۆنگیانگی کرد و پەیامێکی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیای پێشکەش بە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور کرد.
سێرگی لاڤرۆڤ، لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، گوتی: "ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گەرمترین سڵاوی هەیە بۆتان و پابەندبوونی خۆی سەبارەت بە هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە پشتڕاست دەکاتەوە".
لاڤرۆڤ، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆک پوتن بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بەردەوامبوونی پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانە لەگەڵ ئێوە لە داهاتوویەکی نزیکدا.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتیشی: ئامانجی سەردانەکەی هاوبەشی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵاتە.
لای خۆیەوە کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور پێشوازی لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە ڕووسیا کرد و ئاماژەی بەوەدا؛ پشتیوانی هەموو ئەو هەنگاوانەی مۆسکۆ دەکەن کە گرتوویانەتەبەر بۆ چارە کردنی قەیرانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی یەکجاری.
کیم جۆنگ ئون جەختی لەوەش کردووەتەوە؛ دڵنیان لەوەی ڕووسیا سەردەکەوێت بەسەر ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی سەروەری خاکەکەی و ئاسایشی نەتەوەییەکەی بووەتەوە.