مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە هەردوو یانەی تۆپی پێی دهۆک و زاخۆ دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە هەر دوو یانەی تۆپی پێی دهۆک و زاخۆ دەکات، بە بۆنەی ئەوەی هەردوو یانەکە گەیشتنە یاری کۆتایی جامی عێراق.

سەرۆکی حکوومەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی بەبۆنەی گەیشتنە یاری کۆتایی جامی عێراق، گەرمترین پیرۆزبایی لە هەردوو یانەی تۆپی پێی دهۆک و زاخۆ دەکەین، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە لە توانا و بەهرەی لاوانی ئێمە و شانازییەکی مەزنە بۆ تەواوی کوردستانیان.

هەروەها نووسیویەتی: هیوای من سەرکەوتنی ئێوەیە.

یانەی دهۆک لە یاریی پێش کۆتایی جامی عێراق بە 3 گۆڵ بەرانبەر بە 1 گۆڵ لە یانەی قوەجەویەی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی جامی عێراق.

هەروەها یانەی زاخۆ بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە یانەی شورتەی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی جامەکە، بڕیارە یاریی کۆتایی نێوان زاخۆ و دهۆک، کاتژمێر هەشتی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025 لە یاریگەی شەعبی بەغدا بەڕێوە بچێت.