جێگری فەرماندەی میحوەری کەرکووک: بە دڵ و بە گیان خاکی پیرۆزی کوردستان دەپارێزین
جێگری فەرماندەی میحوەری کەرکووکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەڵێت: سەرباری هەموو ئەو قەیران و کێشانەی حکوومەتی عێراق بۆ خەڵکی هەرێم دروستی دەکات، هێزی پێشمەرگە ئامادەیە بە دڵ و بە گیان بەرگریی لە خاکی پیرۆزی کوردستان بکات.
عەمید فاتیح گەورەدێی، جێگری فەرماندەی میحوەری کەرکووکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە پێداگریی دەکات لە بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش مافی پێدانی مووچە و شایستە داراییەکان کە بە ڕاسپاردەی لایەنی دەرەکی و ناحەزانی کورد، لە بەغداوە وەک بڕیار دەرچووە.
جێگری فەرماندەی میحوەری کەرکووکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە دابەزینی مۆراڵی هێزی پێشمەرگە لەبەرەکانی بەرگریی دەکات و دەڵێت: هێزی پێشمەرگە، هێزی بەرگریی کردنە لە خاکی کوردستان، سەردەمانێک بەبێ مووچە و هیچ هاوکارییەکیش، بەرگریی لە خاکی کوردستان کردووە، هەرگیز سەنگەری خۆشی بەرانبەر دوژمنانی لەپێناو مووچە چۆڵ ناکات، بیر و باوەڕی پێشمەرگە لە شاخ و ئێستاش لە شار، هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، ئامادە نییە مل بۆ دوژمنانی کورد کەچ بکات.
عەمید فاتیح گەورەدێی دەڵێت: هێزی پێشمەرگە هەماهەنگیی لەگەڵ سوپای عێراق هەیە لەناوچەی بۆشایی ئەمنی، بەتایبەت لە شەڕی دژ بە داعش.