مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد
یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەت دەربارەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کرا.
لە ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرا دەربارەی دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کرا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لەمبارەیەوە کۆدەنگیی و هاوهەڵوێستیی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە کە بە داخەوە، کاریگەریی زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێویی و بارودۆخیی ژیانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئەم بابەتەش، کاری لە پێشینە و ئێستای حکوومەتە و لەم پێناوەشدا ، لە کاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی.