سبەی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24، سبەی دووشەممە 14ی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی بەڕێوە دەچێت.
کۆبوونەوەکە لە پیرمام بەڕێوە دەچێت و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەش، یەکهەڵوێستی لە بەغدا، پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کێشەی مووچە و هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت.
هەر لە بارەی کۆبوونەوەکەی سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتڕاستی کردەوە، کە سبەی کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی بەڕێوە دەچێت.