ئەم یاریزانەی ئۆتیزمی هەیە و بۆ یۆرۆی 2025 دەجەنگێت
چیرۆکێکی جیاواز لە سەفیە میدلتۆن كە شکستی بە تاریکی ههێنا
سەفیە میدلتۆن پاتێل (Safiya Middleton-Patel) گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی وێڵز و مانچستەر یونایتد لە سەروبەندی بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2025 باسی ئەزموونێکی جیاواز لە ژیانی تۆپی پێیدا دەکات؛ چیرۆکێک کە لە دەرەوەی گۆڕەپانی تۆپی پێ، باس لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە دەروونییەکان و گەیشتن بە ئارامی ناخی دەکات. زاڵبوون بەسەر ئۆتیزم.
سەفیە دانی بەوەداناوە: ئێستا چێژ لە یاریکردنی تۆپی پێ دەبینێت، بەڵام پێشووتر تەنیا یاری کردووە بۆ ئەوەی جووڵەی هەبێت و دڵی خۆش بێت. ئەو دەڵێت: ئێستا عاشقی ئەم وەرزشەم و لەڕاستیدا دەمەوێت لێی بەردەوام بم. ئەم شتەی لە منداڵییەوە خەونم پێوە دەبینی.
سەفیە لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت: رۆژانێک هەموو ژیانم ناو تەختی خەوتن بوو، بەڵآم ئێستا لێرەم، لە سویسرا بۆ بردنەوەی جامی نەتەوەکانی ئەورووپا دەجەنگم.
میدلتۆن پاتێل لە تەمەنی 18 ساڵییەوە دەرکەوت تووشی نەخۆشی ئۆتیزم بووە و چەندین ساڵ بەربەرەکانی ئەم نەخۆشییەی کردووە و لەم بارەوە دەڵێت: سەردەمانێك تەنیا لە ماڵ دەمامەوە، نەمدەتوانی بەردەوام بم. خێزانەکەم نەیاندەزانی چی لە مێشکمدا دەگوزەرێت و تەنانەت بۆخۆشم نەمدەزانی بۆچی ئاوا گۆشەگیرم.
سەفیە کە یەک لە گرنگترین یاریزانی پێکهاتەکەیانە، خێزان و خزم و کەسوکاری دەرفەتی یاریکردنیان بۆ رەخساندووە، لە کۆبونەوەکانی تیمەکەیدا بە هێدفۆن و چاویلکەوە دادەنیشێت، بەڵام پێدەچێت دڵخۆشترینی یاریزانەکانە. چونکە بە پاڵپشتی خێزانەکەی ئێستا دەڵێت: من لێرەم، من توانیم.
لە کۆتاییدا، سەفیە میدلتۆن پاتەل هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەزموونەکانی خۆیەوە و بە پاڵپشتی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی تەندروستی دەروونی، یارمەتی کەسانی دیکە بدات. پەیجی ئینستاگرامەکەی پڕە لە پەیامی ئەرێنی و پاڵنەر بۆ ئەو گەنجانەی کە لەگەڵ چالێنجی هاوشێوەدا دەجەنگن. ئێستا تەنها وەک یاریزانێک ئامادە نییە، بەڵکو وەک ئیلهامبەخشێک لە یۆرۆی 2025 ئامادەیە.
ئا: محەمەد شەهدی