سوپای پاسداران: دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز تەقینەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار لە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمزدا بەر مین کەوتوون و تەقینەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو دوو کەشتییە بە رێڕەوێکی نادروست و نوێدا لە بەشی باشووری گەرووی هورمزدا تێپەڕیبوون. سەرەڕای پشتگوێخستنی رێنمایی و هۆشدارییە دەریاییەکان، بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان تەقینەوە و گڕیان گرت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، یەکێک لەو دوو کەشتییە کە نەوتهەڵگرێکی گەورەیە و زیاتر لە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتووە، لە ناوچەی باکووری بەندەری خەسەب بەر مینێکی دەریایی کەوت و تەقییەوە. کەشتیی دووەمیش لە کاتی دەرچوون لە گەرووی هورمز، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەو رێڕەوە ئاوییەدا بەر مین کەوت و ئاگری گرت.
هاوکات هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوەکەیدا هۆشدارییدا بە خاوەنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی، تا بەهۆی بانگەشە و بەڵێنە درۆینەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کەشتی و سەروەتەکانیان نەخەنە مەترسییەوە. هەروەها جەختیکردەوە، دڵنیاییەکانی سوپای ئەمریکا گەرەنتیی تێپەڕبوونی سەلامەت لە رێڕەوە ناپەسەندکراوەکانی گەرووی هورمزدا ناکات و پشتگوێخستنی هۆشدارییە دەریاییەکان دەبێتە هۆی زیانی قەرەبوونەکراو.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران جەختیکردەوە، دەبێت فەرماندەی کەشتییەکان بزانن بەڵێنەکانی بەرپرسانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ناتوانێت مەترسیی مینە دەریاییەکانیان لێ دووربخەنەوە، ئەو مەترسییەی رەنگە ببێتە هۆی نوقمبوونی کەشتییەکانیان لە ئاوەکانی گەرووی هورمزدا.