ڕۆژانە 4 هەزار هاووڵاتی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر دەکەن

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ھاووڵاتییانی عێراق سەدان کیلۆمەتر ڕێگە دەبڕن لە شارەکانی خۆیانەوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی ژمارە ھەولێر بکڕن، ئەوە بەڵگەیە لەسەر خێرایی کارەکانمان.

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت: جگە لەوەی کارەکان بە خێرای بەڕێوە دەچێت، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هەموو خزمەتگوزارییەکی تێدایە بۆ هاووڵاتییان. ئەفسەران و کارمەندانی ئێمە بە دڵسۆزییەوە لە سەرەتای دەستپێکی دەوامی بەیانی تا کۆتایی دەوام بە ئەرکی بەرپرسیارێتی هەستاون و خزمەتی هاووڵاتییان دەکەن.

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە ئەولەوێتەکانی نەهێشتنی ڕۆتین و ڕایکردنی ماماڵەی هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی بووە لە هەموو سێکتەرەکان بەتایبەتیش لە هاتوچۆ.