ئەمڕۆ هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتیی کۆدەبنەوە

بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام، لە بارەی کێشەی مووچە و یەکهەڵوێستی کورد لە بەغدا کۆدەبنەوە.

هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی، لە پیرمام کۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، باسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵ و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتیش دەکرێت.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا بەڕێوە دەچێت و شاندی پارتی لە هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری و مەحموود محەممەد. شاندی یەکێتیش لە بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی، ڕەفعەت عەبدوڵڵا، دەرباز کۆسرەت ڕەسول و نزار ئامێدی پێکهاتوون.

کۆتا کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە 21ـی ئایاری 2025، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بوو. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش، تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو.

هەروەها ئەم کۆبوونەوەیەش ڕۆژی دووشەممە 28ی نیسانی 2025، شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، لە هاوینەهەواری دوکان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکان کۆبوونەوە.