کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەستی پێ کرد

بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام، لە بارەی کێشەی مووچە و یەکهەڵوێستی کورد لە بەغدا دەستی پێ کرد.
شاندی یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، گەیشتە پیرمام و کە ئەندامانی شاندەکە پێکهاتووە لە قوباد تاڵەبانی، ڕەفعەت عەبدوڵڵا، دەرباز کۆسرەت ڕەسول و نزار ئامێدی.
هەروەها شاندی پارتی لە هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری و مەحموود محەممەد پێکهاتوون.
کۆبوونەوەکەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بارەی کێشەی مووچە، یەکهەڵوێستی کورد لە بەغدا، هەناردەکردنەوەی نەوت و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
کۆتا کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە 21ـی ئایاری 2025، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بوو. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش، تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
هەروەها ئەم کۆبوونەوەیەش ڕۆژی دووشەممە 28ی نیسانی 2025، شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، لە هاوینەهەواری دوکان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکان کۆبوونەوە.