نێچیرڤان بارزانی و جه‌نه‌راڵ كيڤن ليهى: داعش هێشتا هه‌ڕە‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى جددييه‌

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و سووريا دووپات لەوە دەکەنەوە، داعش هێشتا هه‌ڕە‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى جددييه‌ له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و سووريا.

دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ كيڤن ليهى، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و سووريا و شاندێكى ياوه‌رى، كۆبووه‌وه‌.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌  وه‌زيرى كاروبارى پێشمه‌رگه‌، سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ و كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و هه‌ڕە‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و جووڵه‌كانى داعش له‌ عێراق و سووريا، تاوتوێ كران.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ داعش هێشتا هه‌ڕە‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى جددييه‌ له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و سووريا، له‌مباره‌يه‌وه‌ داكۆكييان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى هاوبه‌شى سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش كرد.
 نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى و يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستايشى ڕۆڵ و هه‌وڵه‌كانى جه‌نه‌راڵ ليهى كرد به‌تايبه‌تى بۆ پشتگيرى و يارمه‌تيدانى له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.
دۆخى سووريا و كورد و پێكهاته‌كان له‌وێ، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى به‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمى كوردستان‌، گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.