پێکهاتەکانی کەرکووک داوای دابەشکردنەوەی پۆستەکان دەکەن

لەکەرکووک داوای دابەشکاری پۆستەکان دەکرێت بەرێژەی لە٣٢% بۆ هەر پێکهاتەیەک، لێژنەیەک دروست کراوە بۆ پێداچوونەوەی پۆستەکان کە لەهەشت ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا پێکهاتووە، بەڵام هێشتا لێژنەکە هیچ کۆبوونەوەیەکیان نەکردووە و دەست بەکارنەبوونە.

داوای سەرەکی تورکمانەکان لەکەرکووک ئێستا دابەشکردنی پۆستەکانە بەرێژەی لەسەدا32 بۆ هەر پێکهاتەیەک، ئیدارەی کەرکووک ئەم پرسەی ڕادەستی لیژنەیەکی هەشت کەسی کردووە لەئەنجوومەنی پارێزگا، بەڵام تا ئێستا لێژنەکە کۆنەبووەتەوە.

نەشئەت شاوێز، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو لیژنەیە بەهۆی ئامادەنەبوونی یەکێک لە ئەندامەکان تاوەکوو ئێستا دەستبەکار نەبووە، لیژنەکە هاوسەنگی لە نێوان هەموو لایەنەکان دروست دەکات لەو سنوورە.

بەشێک لە سیاسیەکانی عەرەب نیگەرانن لە پێکهاتەی ئێستای کەرکوک و دەڵێن؛ ئەم ئیدارەیە هاوسەنگی تێدا نیە ئەوانیش داوای پێداچوونەوە دەکەن بە پۆستەکان.

عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانی عەزم گوتی: پێویستە لە کەرکووک هاوبەشی ڕاستەقینە لە نێوان پێکهاتەکان هەبێت، ترسمان هەیە ئێمە پەراوێز بخرێین بۆیە داوای پێداچوونەوەمان کردووە.

لە 16ـی ئۆکتوبەری 2017ەوە، هاوسەنگی هێزەکان لەکەرکووک بەجۆرێک تێک چووە، کە هیچ کام لە پێکهاتەکان ڕازی نین لە دابەشکاریی پۆستەکان بۆیە تورکمان دەڵێن: با سەر لەنوێ پۆستەکان دابەش بکەینەوە.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment