لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەیە، جموجوڵی داعش  زیاتر بووە

جموجوڵی چەکدارانی داعش  لەو ناوچانەی  بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، زیاتر بووە، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنێکدا  لە چیای قەرەچووخ، ژمارەیەک حەشارگەی چەکدارانی داعشیان تێکدا و دەستیان بەسەر ژمارەیەک کەلوپەلی ئەو چەکدارانەدا گرتووە. 

جێگری فەرماندەی میحوەری کەرکووکی  ھێزەکانی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، بە ھەماھەنگی سوپای عێراق، دەتوانین  بۆشاییە ئەمنیەکە پڕ بکەینەوە،  ھاووڵاتیانی گوندەکانی نزیک بۆشایی ئەمنیش داوا دەکەن، ئەو بۆشایە ئەمنیە پر بکرێتەوە.

یەک لە  گوندەکانی بناری چیای قەرەچووخ  دەکەوێتە  نزیک سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە، چەند کیلۆ مەترێک لەو بۆشاییە ئەمنییەوە دوورە کە داعش لە چیای قەرەچووخ   جموجوڵی تێدا دەکات و حەشارگەی  ھەیە.

مام بەھرام، یەکەم کەس بووە  گوندی  خۆش ئاوی ئاوەدان کردووەتەوە و دوکانێکی بچووکی داناوە و ژیانی خانەوادەکەی پێ دابین دەکات، دەڵێت: دۆخی ئەمنی بەھۆی پێشمەرگەوە سەقامگیرە و داوا دەکات ئەو بۆشایە ئەمنییە پڕ بکرێتەوە.

بەھرام محەممەد گوتی: بۆشایی ئەمنی و دۆخی عێراق ھۆکارە بۆ مانەوەی چەکدارانی داعش و فراوان بوونی جموجوڵەکانیان، 

پێشمەرگە جگە لە کۆنترۆڵکردنی  ناوچەکانی ژێر دەستی، بەردەوام ئۆپەراسیۆن  بۆ لە نێوبردنی حەشارگەکانی داعش  ئەنجام دەدات، ئەم ئۆپەراسیۆنانەش  کاریگەریان ھەیە لە  ڕێگریکردن لە جموجوڵەکانی داعش.

عەمید فاتیح گەورەدێی، جێگری فەرماندەی  میحوەری کەرکووکی ھێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت: لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، بەهۆی کشانەوەی پێشمەرگە لە بەشێکی ئەو ناوچانە، بۆشایی ئەمنی دروستبووە، هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە هەوڵیداوە لەلای خۆیەوە ڕێگری لە جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش بکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment