لە سنووری ئامێدی هێرش کرایە سەر کێڵگەیەکی نەوت
هێرش کرایە سەر کێڵگەیەکی نەوت لە سنووری قەزای ئامێدی و بەوهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیەکی وەستێنرا.
ماهر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24 لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، لە گوندى ملبرکێ، لە سنوورى ناحیەى چەمانکێ سەر بە قەزایى ئامێدى؛ هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی 'سەرسنک'.
پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستە ڕوو، لە ئەنجامی هێرشەکە، ئاگر لە کێڵگەکە و چەند شوێنێکى دیکە کەوتووەتەوە و تیمەکانى بەرگریی شارستانیش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن. ئاماژەی بەوەش دا، جارێ نازانرێت هێرشەکە لە ئەنجامی مووشەک بووە یان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.
لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای (HKN)ـی ئەمەریکی کە لەو کێڵگەیە کار دەکات، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکە، بەرهەمهێنانی نەوتیان وەستاندووە و جەختی کردووەتەوە، هەموو ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و تەنیا زیانی ماددی هەیە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هێرشەکە کاتژمێر 7:00 ـی بەیانی بە کاتی کراوە و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەکەن و تاوەکو دڵنیا نەبنەوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەنەوە.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممەش، 14ـی تەممووزی 2025، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبوو.
نزیکەی کاتژمێر 2:20ـی بەرەبەیانیی هەمان ڕۆژیش (دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025) درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.