ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگەکانی نەوتی کوردستان دەکات

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێلگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێگریی لە میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکان بکات.

سێشەممە 15ـی تەممووزی 2025، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە پەیامەکەشدا دەڵێت: ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەرکۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەکات لە سەرانسەری عێراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی 14 و 15ـی مانگی تەموزیشەوە  بۆ سەر ژێرخانی گرنگی کێڵگە نەوتیەکانی خۆرمۆڵە و سەرسەنگ لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بکات بۆ ڕێگریکردن لە لایەنە چەکدارەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناو خۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە کە کۆمپانیا عێراقی و نێودەوڵەتییەکان وەبەرھێنانیان لە داھاتوی عێراقدا کردووە.

باڵیۆزخانەکە دەڵێت: ئەو ھێرشانە قبوڵکراونین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەکانی عێراق بۆ سەرنج ڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی، دەشڵێت: ھانی حکوومەتی عێراق دەدەین لێکۆڵینەوە بکات تا بزانێت کێ لە پەنای ھێرشەکانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیاریەتییان بکاتەوە.