وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران خاڵە لاوازەکانی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلی دۆزییەوە
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەمڕۆ چوارشەممە ، 16ـی تەممووزی 2025، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ئێران بۆشایی لە بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلدا دۆزیوەتەوە، بۆیە توانیویەتی لە نیوەی دووەمی شەڕەکەدا کاریگەریی مووشەکەکانی دوو هێندە بکات.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە و ڕایگەیاندووە، ئێران توانیویەتی لەکاتی جەنگدا توانای خۆی بۆ چوونە ناو بەرگرییەکانی ئیسرائیل باشتر بکات، ئەمەش بووەتە هۆی لێدانی ڕاستەوخۆ.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە نیوەی یەکەمی شەڕەکەدا 8%ی مووشەکەکانی ئێران چوونەتە ناو بەرگرییەکانی ئیسرائیل و لە نیوەی دووەمیشدا 16%، ڕێژەی سەرکەوتنی ئێران لە بەدەربازبوون لە ڕێگری و سیستەمی دژە مووشەک ئیسرائیل دوو هێندە زیادیکردووە.
ئەم داتایانە ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران بۆشای لە سیستەمی بەرگریی ئیسرائیلدا دەستنیشان کردووە و سوودی لێوەرگرتووە، ئەمەش وایکردووە ئێران بەمووشک و لێدانی ڕاستەوخۆ لە قووڵایی ئیسرائیل بدات.
لای خۆیانەوە دامەزراوە شیکاری و بەرگرییەکان ڕایانگەیاندووە "کاریگەریی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل تاڕادەیەک بەرزە، بەڵام بە تەواوی توند و تۆڵ نەبوون، ئەمەش ڕێگەی بە هەندێک مووشەکی ئێرانی داوە لە ناوچە هەستیارەکاندا بگەنە ئامانجی دیاریکراو و زیانی ڕاستەوخۆ و کاردانەوەی گرینگ بۆ ئاسایشی ناوخۆ و ژێرخانی وڵاتەکەی لێ بکەوێتەوە.