ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا
بە گوێرەی ناوەرۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە نوێیەی کراوە حکوومەتی فیدراڵ دەبێت مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم شەرمەزار کرد، کە زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووریی و وزەی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر.
هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرانبەردا حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.