ڕامی عەبدولڕەحمان: شەرع هەمان سیاسەتی بەشار ئەسەد جێبەجێ دەکات
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕەتی کردەوە هیچ ئاگربەستێک لە سووریا کرابێت، ئەوەی هەیە تەنیا ئاگربەستێکی میدیاییە، داواش لە سەرۆکی سووریا دەکات هەڵوێستەکانی بگۆڕێت.
چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کوردستان24ـی گوت: دۆخی سووریا هێور نییە، ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوامە، هێشتا گرژییەکان چارە نەکراون، سەرکردە و شێخی درووزەکان ڕاگەیەندراوی دژ بە یەک بڵاو دەکەنەوە و تاوەکوو ئێستا بە کۆدەنگی بە هیچ ئاگربەستێک ڕازی نەبوونە. گوتیشی: شێخ حیکمەت، سەرکردەی ڕۆحی درووزەکان، ڕاگەیەنراوی یووسف جەربووع لەبارەی ڕازیبوون بە ئاگربەست ڕەت کردووەتەوە.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەش کرد، ئێستا لە سووریا شەڕی میدیایی لە نێوان لایەنەکان دروست بووە. ئەو ئاگربەستەی هەیە تەنیا میدیاییە، لە ڕاستیدا شەڕ و کێشە و قوربانی هەیە و زیانێکی زۆر بە هێزە ئەمنییەکان کەوتووە.
هیواشی خواست ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا هەڵوێستێکی جیا لە لێدوانە میدیایەکانی بکات، ئەویش ڕێککەوتنێک بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان بکات.
هاوکات ڕامی عەبدولڕەحمان، حکوومەتی سووریا بە دروستبوونی ئەو دۆخە و کوژرانی هاووڵاتییان دەزانێت.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی ژمارەیەک قوربانییان گوتی: بەگوێرەی ئەمارەکانی ئێستا بەردەستە، 82 درووز لە شەڕ و پێکدادانەکان کوژراون، کە لە نێوانیاندا ئافرهت و منداڵ هەیە، هاوکات لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکوومەت 138 کەس کوژراون.
ڕامی عەبدولڕەحمان باسی لەوەش کرد، سووریا دابەش نابێت، بەڵام دەبێت سیستەمی فیدراڵی هەبێت. ئاماژەشی دا، هاووڵاتییان هیچ کێشەییەکیان لەگەڵ فیدراڵیەت نییە، بەڵام بەڕاستی شوورەیە بۆ ئەحمەد شەرع، کە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕێک بکەوێت و دواتر دەستووری گشتی بڵاو بکەیتەوە و کوردی تێیدا نەبێت. گوتیشی: ئەمانە هەمان سیاسەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا جێبەجێ دەکەن.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمەریکییەکان، تورکهكان و ئیسرائیلەکانیش لە سووریا پشتیوانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن، هیچ کامیان پشتیوانی کورد، درووزەکان و سوورییهکان ناکەن.
لەبارەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل ڕامی عەبدولڕەحمان گوتی: ئیسرائیل نایەوێت هیچ هێزێک لە باشووری سووریا هەبێت. ئەو لێدوانانەشی ڕەت کردەوە، کە باس لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەی سوەیدا دەکەن لەلایەن ئیسرائیلەوە.