هەڵوێستی ئەمەریکا لە بارەی هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئیدانەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، داواش لە بەغدا دەکات پاشەکشە لە سیاسەتی مووچە و نەوت لەگەڵ هەولێر بکات.

چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان قبووڵکراو نین و پێشتریش ئەم هێرشانەمان ڕەت کردووەتەوە.

تامی بروس گوتیشی: بە ڕاشکاوی گوتوومانە کە چاوەڕێی عێراق دەکەین لە کێشەی مووچە و نەوت و کێشەکانی دیکە پاشەکشە بەو جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ کوردستان بکات.

سێشەممە 15ـی تەممووزی 2025، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد، لە پەیامەکەشدا گوتی: ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەرکۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەکات لە سەرانسەری عێراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی 14 و 15ـی مانگی تەموزیشەوە  بۆ سەر ژێرخانی گرنگی کێڵگە نەوتیەکانی خۆرمۆڵە و سەرسەنگ لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا.

چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025، دژەتیرۆری کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کاتژمێر 7:10 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ، جارێکی دیکە لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمەریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی کاتژمێر 6:00 بۆ 07:14 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ، لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرش کرایە سەر سێ کێڵگەی نەوتی؛ دووانیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ئەوەی دیکەشیان لە قەزای شێخان، سنووری پارێزگای دهۆک.