دژەتیرۆری کوردستان: درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک بەحرکە خرایە خوارەوە
دژەتیرۆری کوردستان خستنەخوارەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی لە نزیک بەحرکە ڕاگەیاند و ئاماژە بەوە دەدات: زیانی گیانی و ماددیی نەبووە.
دژەتیرۆری کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر 01:27 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ی تەممووزی 2025، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی جێژنیکانی سەر بە قەزای بەحرکەی پارێزگای هەولێر، خرایە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە، ڕووداوەکە "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، نزیکەی کاتژمێر 19:10 خولەک، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی 'هەنت ئۆیل'ـی ئەمەریکی لە باعەدرێ، لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک. هێرشەکە جگە لە زیانی ماددیی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.
بەیانیی هەمان ڕۆژ، لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرش کرایە سەر سێ کێڵگەی نەوتی؛ دووانیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ئەوەی دیکەشیان لە قەزای شێخان، سنووری پارێزگای دهۆک.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، هێرشی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت کێڵگە نەوتییەکان بەردەوام بوون. هەرچەندە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێک هێناوە، بەڵام تا ئێستا لە بەرانبەر ئاراستەکردنی درۆنەکان، نەکەس دەستگیرکراوە و نەکەسیش سزا دراوە.
