پەیامنێری کوردستان24: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا مووچەی مانگی پێنج خەرج بکات
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دا. چاوەڕێ دەکرێت، هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی شەشیش خەرج بکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەیدا، 17ـی تەممووزی 2025، لێکتێگەیشتنی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەسەند کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی داوە و چاوەڕێ دەکرێت، یەکشەممەی داهاتوو، 20ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی عێراقی مووچەکە بخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێ دەکرێت دوای ئەوەی مووچەی مانگی پێنج دەنێردرێت، هەر لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـیش هی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
دوێنێ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا.
لەبارەی ڕێککەوتنەکە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لێکتێگەیشتنەکە لەبارەی داهاتی نانەوتی و نەوتە و وەک دەستپێک، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. باسی لەوەش کرد: دوای ئەم لێکتێگەیشتنە، هەردوو حکوومەت دەچنەنێو ڕێککەوتنێکی فراوانترەوە، ئەوەی کراوە ڕێککەوتنێکی سەرەتاییە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند ڕۆژێکە هێرشی درۆنی دەکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ماوەی زیاتر لە 75 ڕۆژیشە، حکوومەتی عێراق بە بیانووی جیاواز، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە.