بەریتانیا: هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کوردستان زیان بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت
باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق، سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانە دەکات کە دەکرێنە سەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستاندا.
هەینی 18ـی تەممووزی 2025، باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا، لەبارەی هێرشە درۆنییەکانەوە پەیامێکی ئاراستەی بەغدا کردووە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، بە ئامانج گرتنی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان، زیان بە ئابووریی عێراق دەگەیەنێت، داواشی کردووە، لێپرسینەوە لەگەڵ هێرشکارەکاندا بکات.
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەریتانیا هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە بۆ سەرتاسەری عێراق سەرکۆنە دەکات، لەنێویشاندا ئەوانەی لەم هەفتەیەدا ژێرخانی وزەیان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج، دەڵێت: ئەم هێرشانە هەڕەشە لە سەلامەتیی هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەن و زیان بە ئابووری عێراق دەگەیەنن، هاوکات سەقامگیری عێراق تێکدەدەن.
باڵیۆزخانەی بەریتانیا داوای لە حکوومەتی عێراق کرد ڕێگری لە هێرشی زیاتر بکات و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەنجامدەراندا بکات.
ماوەیەکە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا جگەلە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کە بەڵێنی لێکۆڵینەوەی داوە لە هێرشەکان، هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە ڕانەگەیەندراوە، لە کاتێکدا پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە بارەی هێرشە درۆنییەکان وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: زۆر ڕوونە کە درۆنەکان لە کوێوە ئاراستە دەکرێن، کە هەمیشە شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە درۆنییەکان بە داخەوە کردەوەی تیرۆریستین، هەر لایەنێک لە پشت ئەو کارەوە بێت شەرمەزار دەبێت.
هاوکات داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، سنوورێک بۆ ئەو هێرشە درۆنییانە دابنێت و ئەو لایەنانەشی لە پشت ئەو هێرشانەن، ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا.
The UK condemns the recent drone attacks across Iraq. pic.twitter.com/VVf9pZxoo4
— UK in Iraq 🇬🇧🇮🇶 (@UKinIraq) July 18, 2025