پێنجەمین کۆنگرەی  کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەڕێوەدەچێت

لۆگۆی کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان
لۆگۆی کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان

بە بەشداریی زیاتر لە 900 ئەندام پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەستپێدەکات. ئەندامێکی کۆنگرەکەش دەڵێت: تا ئێستا عەلی باپیر تاکە کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی حزبەکە. 

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان، بە بەشداریی 907 ئەندام کە 180ـیان ئافرەتن، لە شاری هەولێر دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. 

شوان ڕابەر، ئەندامی پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ماوەی هەردوو ڕۆژی کۆنگرەکەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕەشنووسێکی پێنچ بەشی دەکرێت کە تێیدا باس لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی تاک بە تاکی ئەندامەکان کراوە.

لەبارەی ژمارەی کاندیدان بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و پۆستی سەرۆکی گشتیی کۆمەڵی دادگەری، شوان ڕابەر گوتی: "تاوەکوو ئێستا عەلی باپیر تاکە کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکی حزبەکە، لە دوای دەستپێکردنی کۆنگرەکە، دەزانین چەند کەس خۆی بۆ پۆستەکە کاندید کردووە. هاوکات  80 کەس خۆی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کاندید کردووە کە لە نێویاندا 29 کەس هەڵدەبژێردرێت، بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکەوە دەبن بە 30 کەس."

لەبارەی ناڕازیبوونی بەشێک لە ئەندامەکان لە ناوی ئێستای حزبەکەیان، ئەو ئەندامەی کۆنگرە ئەوەی خستە ڕوو "دوو پێشنیاز هەیە لەبارەی ناوی حزبەکە؛ بەشێکی ئەندامان پێیان باشە هەر ناوەکەی ئێستای بێت کە 'کۆمەڵی دادگەریی کوردستان'ـە و بەشێکی دیکەشیان پێیان باشە پاشگری ئیسلامییەکەی بۆ بگەڕێنرێتەوە و بکرێتەوە بە 'کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان' بەهەرحاڵ، ئەگەر کۆنگرە دەستیپێکرد، دەخرێتە دەنگدانەوە، کام ناوە زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا، ئەوە دیاری دەکرێت."

 کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە لە پێشوودا ناوی (کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان) بوو، لە ئایاری ساڵی 2001 دامەزراوە و ڕێکاری سوونە و جەماعە جێبەجێ دەکات. لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا، هەر عەلی باپیر بە سەرۆکی حزبەکە هەڵبژێدراوەتەوە.

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ساڵی 2005 بۆ جاری یەکەم بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و بەکۆی شەش هەزار دەنگ، بووە خاوەنی دوو کورسی پەرلەمان. لە دوایین هەڵبژاردنیش، بووە خاوەنی سێ کوردسی.