قائیمقامی پێنجوێن: درۆنێک دوو کەسی کردە ئامانج

درۆنێک (ئەرشیف)
درۆنێک (ئەرشیف)

قائیمقامی قەزای پێنجوێن ڕایدەگەیەنێت، درۆنێک دوو کەسی لە گوندێکی سنووری قەزاکە کردووەتە ئامانج و یەکێکیان گیانی لە دەست داوە. 

هێمن ئیبراهیم، قائیمقامی قەزای پێنجوێن بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "نزیکەی کاتژمێر 11:30  خولەکی پێشنیوەڕۆی شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، لە گوندی 'شیوەگوێزان' لە سنوری ناحیەی گەرمک، لە قەزای پێنجوین، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان (درۆن) دوو کەسی کردووەتە ئامانج."

بە گوتەی قائیمقامی پێنجوێن "ئەو دوو کەسە لەسەر ماتۆرسکیلێک بوون، یەکێکیان گیانی لە دەست داوە، ئەوەی دیکەشیان بریندارە."

هێمن ئیبراهیم ئەوەشی خستە ڕوو، تا ئێستا نازانرێت درۆنەکە لە لایەن کێیەوە هەڵدراوە و ئەوانەش کێن کە کراونەتە ئامانج، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.