مەسرور بارزانی: پێویستە لە زووترین کاتدا بەغدا مووچە بنێرێت و نەوتیش هەناردە بکرێتەوە
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤن ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا، کە ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، باڵیۆز ڤەیگن، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانێکی بە هێز دووپات کردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی پشتگیریی بەردەوامیی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە نزیکترین کاتیشدا ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەست پێ بکاتەوە. هەروەها دەبێت هێرشی تیرۆریستی و تێکدەرانەی درۆنەکان بۆ کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وزەی هەرێم بوەستێت."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێت."