ئەحمەد شەریف: پێشبینی دەکەین ڕۆژانی داهاتوو هێرش بکرێتە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق
شارەزایەکی ئەمنی و سەربازیی عێراق دەڵێت: سەرچاوەی ئەو درۆنانە ئاشکرایە لە کوێوە دروست دەکرێت و لە کوێوە ئاراستەی سەرچاوەی وزەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاش دەکرێت، پێشی وایە، ڕۆژانی داهاتوو هێرش دەکرێتە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق.
ئەحمەد شەریف، شارەزای ئەمنی و سەربازیی عێراقی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئاشکرایە کێ درۆن دروست دەکات، کێش ئەو درۆنانەی بە گرووپە چەکدارەکان داوە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بە ئامانج دەگرێت.
دەڵێت: یەک لەو بەڵێنانەی حکوومەتی سوودانی بە ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانی داوە، کە بێلایەنی عێراق لە ململانێی هەرێمایەتی دەپارێزێت، هاوکات بەرژەوەندی هاوبەشی ستراتیژی دەپارێزێت لەگەڵ ئەمەریکا، بە ئامانجگرتنی هێرشە درۆنییەکان تەنیا ئەمەریکا نییە، ئێمە باس لە سەرچاوەی وزە دەکەین، ئەمەش بەشێکی جیانەکراوەیە لە شەڕەکان کە هەڕەشە لەسەر سەقامگیریی خەڵک دروست دەکات.
گوتی: هێرشکردنە سەر سەرچاوەکانی وزە، هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی جیهانیی، بۆیە بە تیڕوانینی من، ئەمە دروست نییە ئەگەر گرووپە چەکدارەکان پێیان وابێت بە هێرشکردنە سەر ئەمەریکا، ناچاری دەکەن عێراق بەجێ بێڵێت، بەڵکو ئەگەری هەیە ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر گرووپە چەکدارەکان، ئەمە بۆ ڕۆژانی داهاتوو پێشبینی دەکەین.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق گرت و لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەیدا، ئەو چاوەڕوانییەی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ، لە کاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق هەیە، لەبری گرتەنبەری ڕێوشوێنی پێویست و ڕێگەگرتن لە دووبارەکردنەوەی هەڕەشەکان و سزادانی تاوانباران، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان دەکرێت.