ڤیان سەبری: سبەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان کۆدەبێتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کردووە، لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، پرسی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، تاوتوێ بکات.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: بە جەخت کردنەوەمان لەسەر پرسەکە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندیی نیشانداوە، یەکێ لەو دوو تەوەرانەی پەرلەمانی عێراق لەسەری کۆدەبێتەوە، پرسی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
پێنجشەممەی ڕابردوو، 17ـی تەممووزی 2025، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان؛ بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە "لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناڕەواکاندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەرزاوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، لەنێویشیاندا ژێرخانی ئابووری، پاڵاوگەی نەوت، سەرچاوەی وزە."
فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق بۆ "تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی حکوومەت لەمبارەوە" دەکات، ئەمەش بە مەبەستی "بەهێزکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە پاراستنی وڵات و هاووڵاتییاندا."
بڕیارە سبەی دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و تێیدا دوو بابەت گفتوگۆ بکات، ئەوانیش هێرشە درۆنییەکانەی سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکەی 'کوت.