دەنگۆی هێرشکردنەسەر کێڵگەیەکی نەوتی قادر کەرەم ڕەتدەکرێتەوە

بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هیچ درۆنێکی بۆمبڕێژکراو نەکراوەتە سەر کێڵگەی قادر کەرەم.

سدیق محەممەد بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: ئەو تەقینەوەی ڕوویداوە، کۆمەڵێک مینە کۆکراوەتەوە دواتر تەقێنراونەتەوە  لە نزیک عالیاوا کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە کێڵگەکەی غازی کۆرمۆر دوورە.

بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم ڕەتی دەکاتەوە، هیچ درۆنێک لەنزیک کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتبێتە خوارەوە، دەشڵێت: ئەم تەقینەوەیەی ڕوویداوە، کاتژمێرو نیوێک پێش ئێستا بووەو درۆنیش نەبووە. 

هەر لەبارەی ڕووداوی تەقینەوەکە، لیژنەی ئەمنی قەزای چەمچەماڵ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: ئاگاداری هەموو لایەک دەکەینەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، لە سنوری ناحیەی قادرکەرەم و کێڵگەی کۆرومۆر هیچ تەقینەوەیەک ڕووینداوە، ئەوەی هەیە تیمێکی پسپۆری هەڵگرتنەوەی مین لە دەرەوەی کێڵگەکە، سەرقاڵی هەڵگرتنەوە و لەناوبردنی مینی کۆنی سەردەمی ڕژێمی پێشوون و هیچ تەقینەوەیەک ڕووی نەداوە.