سەرۆکی حکوومەت: سەدا 80ـی خەڵكی كوردستان كەمتر لە جاران پارەی كارەبا دەدەن
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، بەهۆی جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی، 80%ـی خەڵكی كوردستان كەمتر لە جاران پارەی كارەبا دەدەن. هیواش دەخوازێت "بابەتی كارەباش ببێتە بابەتێك لە مێژوو".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر كردەوە؛ دواتر لە گوتارێکدا باسی لە پرۆژەکە، کارەبای 24 کاتژمێری، مووچەی فەرمانبەران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
لەبارەی پرۆژەی ڕووناکی، سەرۆکی حکوومەت گوتی: "خۆشحاڵم كە دەبینم ئێستا هەموو شاری هەولێر و بەشی زۆری شاری سلێمانی و دهۆك خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێرین، ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە كوردستان كارەبای 24 كاتژمێرییان پێ دەگات و 80%ـی خەڵكی كوردستان كەمتر لە جاران پارەی كارەبا دەدەن، مەگەر یەكێك بۆ خۆی حەزی لێ بێت زیاتر كارەبا خەرج بكات."
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو "لە بەرنامەشدایە كە لە ساڵی داهاتوو كارەبای 24 كاتژمێری بە هەموو كوردستان بگات، هەرچەندە هەندێكجار دیسان قسەی وا دەكرێت بە حیساب كارەبای 24 كاتژمێری لەسەر حیسابی كەمكردنەوەی كارەبایە لە شوێنەكانی تر، كە بە هیچ جۆرێك ئەمە ڕاست نییە، كارەبای 24 كاتژمێری بۆ زیادكردنی كاتەكانی كارەبایە لە هەموو كوردستان، بەڵام لە هەندێك شوێن زووتر دەستی پێكراوە و هەرواشە و ناكرێت هەمووی بە یەكەوە بێت، بەڵام وردە وردە هەموو كوردستان دەگرێتەوە."
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئومێدمان وایە ئیتر بابەتی كارەباش ببێتە بابەتێك لە مێژوو و خەڵك چیتر گرفتی ئەوەیان نەبێت كە كارەبای گشتی دێت یانیش دەنگی مۆلیدە و دووكەڵی مۆلیدە و كێشەكانی كە لەگەڵ ئەو بابەتە دێن، ئەوانە هەمووی ببن بە بەشێك لە مێژوو و ئیتر ئەم پێداویستییانەی كە خەڵك دەبوایە زووتر هەیانبێت، ئێستا ئێمە بتوانین بۆیان دابین بكەین."
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی نوێترین داتای پڕۆژەی رووناکی، زیاتر 450 هەزار هاوبەشی ماڵان و 90 هەزار هاوبەشی بازرگانی لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا لە ئێستادا کارەبایان کراوە بە 24 کاتژمێری.