کونسوڵی قەتەر ستایشی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە حوسێن بن عەلی ئەلفەزالە، كونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کرد و سوپاسی کونسوڵی گشتیی قەتەڕیشی کرد بۆ ئەو ماوەی کاری بۆ بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەڕ کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.
کونسوڵی گشتیی قەتەر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوكاری و پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی و خواستی دەوڵەتی قەتەڕیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە.
کونسوڵی گشتیی قەتەر، هەروەها ستایشی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد بە تایبەتی پرۆژەی ئاو و کارەبای 24 کاتژمێری.