ئایدن مەعروف: نا دادی گەورە بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت: نووسراوێک ئاڕاستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکەین، تێیدا داوای ڕاستکردنەوەی ئەو نا دادیەدەکەین کە بەرانبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی عێراق نا دادی گەورە بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، پێویستە لەسەریان پرسی مووچە بەزووترین کات چارەسەر بکەن و تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکانی نەکەن.
ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوە کرد، نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بەشێوەیەکی فەرمی، داوایەک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن، تێیدا داوا دەکەن، مووچە کە مافێکی دەستووری و سەرەتایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، نابێت تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت.
دەڵێت: لەڕێگەی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، نووسراوەکە بۆ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەنێرین کە ئێمە وەکو پێکهاتە و نەتەوەکانی کوردستان داوای ڕاستکردنەوەی ئەو ناعەدالەتییە دەکەین کە بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە ئەو کارەی کردوویانە، لە دەرەوەی دەستوورە، لەگەڵ ئەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵیش هەیە، ئەمە سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکەن.