25 وڵات سەرکۆنەی شێوازی دابەشکردنی هاوکارییەکان و کوشتنی هاووڵاتییانی غهززه دەکەن
بەریتانیا و 24 وڵاتی دیکە داوای دەستبەجێ ئاگربەستی غەززە دەکهن و سەرکۆنەی شێوازی دابەشکردنی هاوکارییەکان و کوشتنی هاووڵاتییان لە نزیک ناوهندهكانی دابەشکردنی هاوکارییەکان لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە دەکەن.
دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، هەر یەک لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئوسترالیا، کەنەدا، سویسرا، نیوزلەندا، دانیمارک و ژمارەیەک وڵاتانی دیکە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشییان لەبارەی کەرتی غەززە بڵاو کردهوە و داوایان كرد، دەستبەجێ ئاگربەستی کەرتەکە ڕابگهیهنرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، زیاتر لە 800 هاووڵاتی فەڵەستینی بەهۆی هەوڵدان بۆ بەدەستگەیشتنی هاوکارییەکان کوژراون، شێوازی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە زۆر مەترسیدارە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر، بێبەشکردنی غەززەییهکان لە ڕێز و شكۆی مرۆڤایەتی. گوتووشیانه: "هیچ ئامانجێك بۆ خوێنڕێشتن نییە".
هاوكات سەرکۆنەی شێوازی دابەشکردنی هاوکارییەکان و کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی، بەتایبەتی منداڵانیان كردووه، کە بەدوای پێداویستییه سەرەکییەکانی وەکوو ئاو و خۆراک دەگەڕێن. داواش لە حکوومەتی ئیسرائیل دەکەن دەستبەجێ سنوورداركردنی دابەشکردنی هاوکارییەکان هەڵ گرێت و ڕێگە بە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بدات ئهرك و کارە مرۆییەکانیان بکەن.
هەروەها باسییان لەوەش کردووە، ئەوان بە تەواوی دژی هەر گۆڕانکارییەکی ناوچەیی و دیمۆگرافین لە فەڵەستین.
هاوکات ڕاگهیهنراوهكه کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو لایەک هان دەدات کە ههوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی ئەو کارەسات و ئاگربەستێکی بێمەرج و هەمیشەیی لە ناوچەکە چڕ بکەنەوە و پشتگیریی خۆشیان بۆ هەوڵەکانی قەتەر و میسر وەکوو ڕۆڵی نێوەندگیر دووپات کردەوە.
هەفتەی ڕابردوو، نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ژمارەیی کوژراوانی غەززە بڵاوی کردبووە، 875 کەسی لە غەززە لە کاتی بهدهستهێنانی خۆراک کوژراون.
پێشتر، ڕێکخراوی ئۆنروا کە سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردبوو، لە مانگی ئایارەوە تاوەکوو 13ـی تەممووزی ئەمساڵ، بەهۆی گەمارۆ و ڕێگرییەکانی سوپای ئیسرائیل لە گەیشتنی خۆراک بە کەرتی غەززە، حاڵەتەکانی بەدخۆراکی زیادی کردووە و دانیشتووانی کەرتەکەش بە زەحمەت دەستیان بە خۆراکی پێویست دەگات.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەشی داوە، تەنیا لەم ساڵدا سێ هەزار و 31 کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی تەنیا ژەمێک خۆراک، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون، هاوکات کوشتنی خەڵکی غەززە لە نزیک بنکەکانی دابەشکردنی خۆراک بووەتەوە کارێکی ئاسایی ڕۆژانەی سوپای ئیسرائیل.