بەغدا.. وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا و عێراق پرسی مووچەی پێشمەرگەی تاوتوێ کرد

شۆڕش ئیسماعیل،وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و ئەمریکا پرسی مووچەی پێشمەرگە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ کرد.

وەزیری پێشمەرگە لە کۆشکی کۆماری لەگەڵ لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، باسیان لە دوایین پێشهاتە ئەمنیەکانی عێراق و ناوچەکە، هەروەها پەیوەندییەکانی سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە کرد، بە تایبەت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و هێزی پێشمەرگە.

وەزیری پێشمەرگە لەبارەی مووچەی هێزی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی کوردستان ڕایگەیاند؛'' مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە بارودۆخێكی سەختی داراییدان، بەڵام بە ویست و ئیرادەیەکی باڵای کوردستانییانە، خۆڕاگرانە بەردەوامن لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، وەزیری پێشمەرگە ئومێدی کرد، بە زووترین کات لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق جێبەجێ بکرێت و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بە خێرایی بنێردرێت.

لەسەر بانگهێشتی فەریقی یەکەم مایکڵ کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا(، وەزیری پێشمەرگە بەشداریی لە ڕێورەسمی ئاڵۆگۆڕکردنی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد، وەزیری پێشمەرگە ستایشی ڕۆڵی جەنەڕاڵ لیهی کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەی وەک فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، دڵسۆزانە پاڵپشتی و پشتیوانی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە بووە.

هاوکات وەزیری پێشمەرگە و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە هەماهەنگییان بۆ عەمید کیڤن جی لامبرت، جێگرەوەی جەنەڕاڵ لیهی، لە عیراق و سووریا دووپات کردەوە، وەزیری پێشمەرگە داوای کرد، لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمەریکا هاوکاریی و پشتیوانی بەردەوام بێت. 

دواتر  وەزیری پێشمەرگە سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کرد، لەو سەردانەدا دەربارەی لێكتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ و پرسی مووچەی هێزی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش و دۆخی ئەمنی ناوچەکە، گفتوگۆیان کرد.