دادگای فیدراڵی سکاڵاکانی دژی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی ڕەتکردەوە

مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە
مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە

دادگای فیدراڵیی عێراق ئەو دوو سکاڵایەی ڕەتکردەوە کە لە دژی هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە تۆمار کرابوون. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، دادگای باڵای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر دوو سکاڵا کە لە دژی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە وەک 19ـەمین پارێزگای عێراق تۆمارکرابوون؛ کۆبووەوە و سکاڵاکانی ڕەتکردەوە. 

ئەو دوو سکاڵایە، لە لایەن شەش پەرلەمانتارەوە لە دژی سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرانی تۆمار کرابوون و سکاڵاکاران داوایان کردبوو، بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە نایاسایی بناسرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 29-04-2025، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزای لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد. دواتر ئەو قەڵەمەی بڕیارەکەی پێ ئیمزا کرد، بە نوخشە ناسح، پارێزگاری بە وەکالەتی هەڵەبجە دا.

پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ڕۆژی 14-04-2025، لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا و سەرۆک بارزانی بەڵێنەکەی بۆ خەڵکی هەڵەبجە بەجێگەیاند، چونکە لە ساڵی 2009 لە گوتارێکدا بە ئامادەبوونی دەیان هەزار کەس، ڕایگەیاند "هەموو توانایەکی خۆمان دەدەین هەڵەبجە بکەینە پارێزگا."