ئەمەریکا: پشتگیری لە سووریایەکی ئاشتیخواز دەکەین کە مافی هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت

تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: چاومان لەوەیە سووریا سەقامگیر بێت، بە داخەوە هەفتەی ڕابردوو دۆخی وڵاتەکە زۆر ناسەقامگیر بوو. گوتیشی: دەمانەوێت حکوومەتی سووریا کاری باش بۆ گەلەی بکات و پشتگوێیان نەخات.

سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: ئێمە کار بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە دەکەین و چاومان لەوەیە ئاگربەست لە ناوچەکە ڕابگەیەندرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا سەرنجی تەواومان لەسەر ڕاگرتنی شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکانە، هەروەها هاوکاری مرۆیش دەگەیەندرێتە غەززە.

لەبارەی سووریاوە، تامی برووس، گوتی: سزاکانی سەر سووریا هەڵگیراون بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدەینە حکوومەتی وڵاتەکە تا کاری باش بکات، چاومان لەوەیە وڵاتەکە سەقامگیر بێت، چونکە هەفتەی ڕابردوو دۆخی وڵاتەکە زۆر ناسەقامگیر بوو.

باسی لەوەش کرد، چاویان لەوەیە حکوومەتی سووریا کاری باش بۆ گەلەکەی بکات. جەختی لەوەش کردەوە، واشنتن پشتگیری لە سووریایەکی ئاشتیخواز دەکات کە مافی هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، باسی لە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا کرد و ڕایگەیاند: هەردوو وڵات هان دەدەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بگەنە ڕێککەوتن بۆ مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست.