سەرکردەیەکی هاوپەیمانی عەزم: ناتواندرێت عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان وێنا بکرێت
سەرکردەیەکی هاوپەیمانی عەزم دووپاتی دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک هێزی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان بەکارنایەت و پێشبینی دەکات کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی نێوان شاندی باڵای هەرێم و چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنێت.
دکتۆر سەڵاح دلێمی، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم بە کوردستان24ـی راگەیاند، ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان شتێکی نوێ نین، بەڵکو بەشێکی زۆریان درێژکراوەی کێشە سیاسی، دەستووری و ئابوورییەکانن کە لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر نەکراون و پەیوەندییان بە ئاستی پابەندبوون بە دەستوور و دیاریکردنی دەسەڵات و مافە هاوبەشەکانەوە هەیە.
دلێمی گوتیشی: "ناکرێت دەوڵەتێکی سەقامگیر بنیات بنرێت لە کاتێکدا قەیرانی قووڵ بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، لەوانەش سروشتی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر کە بەردەوام دواخراوە و بووەتە هۆی گەورەبوونی و مەترسی هەیە لە هەر ساتێکدا بتەقێتەوە."
ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی عەزم جەختی کردەوە کە لۆژیکی خۆسەپاندن و سیاسەتی ئەمری واقیع خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات و گوتی: "هەروەک چۆن ناتوانین عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان وێنا بکەین، بە هەمان شێوە ناتوانین کوردستانیش بەبێ عێراق وێنا بکەین." هاوکات داوای لە هەردوولا کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بگەڕێنەوە سەر رێڕەوی دەستووری و زمانی گفتوگۆ، چونکە دواجار هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن و عێراق بەرگەی قەیرانی دیکە ناگرێت.
سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی زمانی سەربازی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، دکتۆر سەڵاح دلێمی رەتیکردەوە هیچ هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنرێت و رایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک هێزی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان بەکارنایەت و لۆژیکی نییە، چونکە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان رێزلێگیراون."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا بازنەی ناکۆکییەکان گواستراوەتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و بە ئەگەری زۆرەوە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی داهاتوو کۆتایی بە قەیرانەکان دەهێنێت.
بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ناکۆکییەکان و دوایین پێشهاتەکان بکەن.