شاندێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی تورکیا و ئێران دەکەن
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەو لێژنە یاساییەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری پێکهێنانیان دابوو، دەستبەکار دەبێت.
دوێنێ شەممە، پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا دوو لێژنە پێکبهێنن. لێژنەی یەکەمیان یاساییە و کار لەسەر مافە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەم لێژنەیە ئەو مادانەی دەستوور دیاری دەکات کە لەلایەن بەغداوە پێشێلکراون، هاوکات راپۆرتێکیش پێشکەشی ئەو شاندە دەکات کە بڕیارە سێشەممە بەشداری لە گفتوگۆی نیشتمانیدا بکات.
لێژنە یاساییەکە تەنیا دوو رۆژی لەبەردەمدایە و دەبێت تا سبەی شەو کارەکانی تەواو بکات.
لەلایەکی دیکەوە، لێژنەی دووەم سیاسییە و لە شاندێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی پێکدێت کە سەردانی تورکیا و ئێران دەکەن. شاندەکە لەگەڵ هەردوو وڵات باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات، بەتایبەت بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی فیدراڵ، بەڵام کاتی دەستپێکردنی سەردانەکانی ئەو لێژنەیە تا ئێستا دیار نییە.
سێشەممەش بڕیارە گفتوگۆی نیشتمانی لە بەغدا بەڕێوەبچێت. ئەوەی تا ئێستا روون بووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگهێشتکراون بۆ ئەوەی بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکەن.
پارتی و یەکێتی بە یەک هەڵوێست بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا دەکەن.
شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە یاوەری شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان چوونە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بارەگای سەرەکی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەیەکی زیاتر لە دوو کاتژمێری ئەم راگەیەندراوە بڵاوکرایەوە.
لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی تازەی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها تاوتوێکردنی یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە پرسە هەنووکەییەکان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەکارهێنانی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردووەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بڕیاریاندا بە یەک هەڵوێست بەشداری لە کۆبوونەوەی 1ـی کانوونی یەکەمی 2026ـی بەغدا بکەن.
لەم کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا پێداگرییان لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەییی عێراق کردەوە و هاوکات بەڵێنیاندا بە شێوەیەکی هاوبەش بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.