سبەی خاڵبەندی هاووڵاتیانی کەمدەرامەتان و فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بڵاودەکرێتەوە

سبەی پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، خاڵبەندی و ڕیزبەندی ئەو کەمدەرامەت و فەرمانبەرانەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوونیان پڕکردووەتەوە، بڵاودەکرێتەوە.
لەوبارەوە، بەیار تەقیەدین، بەرێوەبەری بیناسازی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵی پار مانگی هەشت، پرۆسەیەکی خاڵبەندی بۆ پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدارەمەتان و فەرمانبەران بڵاوکرایەوە، بۆیە سبەی ئەوانەی خاڵبەندییەکەیان بۆکراوە ڕادەگەینرێت، کە لە چ شوێنێک دەبنە خاوەن یەکە.
گوتیشی: لەبەر قەیرانی دارایی و نەهاتنی بودجە لە بەغدا، ئەو پرۆژانە وەستاوە و یەکەکان تەواو نەکراون، بەڵام سبەی تەنیا خاڵبەندیی و ڕیزبەندیەکە ڕادەگەیەندرێن.
بەیار تەقیەدین، باسی لەوەشکرد، لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان نۆ هەزار و چوار یەکەیە دروست دەکرێن، دروستکردنی یەکەکانیش بەپێی داواکاریی خەڵک بووە کە لەچ شوێنێک داواکاریی زۆر یان کەمیان هە بووە، بۆ نموونە لە هەولێر 960 یەکە هەیە، لە سلێمانی 4000 یەکە هەیە، لەهەڵەبجە 192 یەکەیە، ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین 324 یەکە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 361 یەکەیە، لە دهۆک 2116 یەکەیە، زاخۆ 324 و سۆران 144 یەکەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووبەری یەکەکان لە 100 مەتر تا 110 مەتر دووجایە، سەبارەت بە پارەدانەکەش، کاتێک کە یەکەکان تەواو دەبێت و کلیلی یەکەک وەردەگرێت، ئەوکات هاووڵاتی سوودمەند بوو پارە دەدات، پارەکەش مانگانە 100 تاوەکوو 120 هەزار دینار دەبێت. ماوەی قیستەکەش 25 ساڵە.
بەرێوەبەرەکەی بیناسازی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕاشیگەیاند، ئەگەر لەبەر قەیرانی دارایی و ڕاگرتنی بودجە نەبوایە لەلایەن بەغداوە، ئەوە دەمێک ئەو پرۆژەیە تەواو ببوو، چونکە ئەویەکانە هەیە لە 95%ـی تەواو بووە هەیە 80%ـە هەشمانە 30% تەواو بووە.
لەبارەی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لەئەگەری دەرچوونی ناویان، گوتی: ئەوانەی یەکەکانیان بۆ دەردەچێت ناوەکانیان لە وێبسایتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بڵاودەکرێتەوە، کە پرۆژەکە تەواو بوو تیروپشکیان بۆ دەکرێت، کە بوونە خاوەن یەکەکە و کلیلەکەیان وەرگرت، گرێبەستیان بۆ دەکرێت، بەبێ ئەوەی پێشەکی پارە بدەن. دەشڵێت: یەکەکان لە 50%ـی بۆ کەمدەرامەتانە و 50%شی بۆ فەرمانبەرانە.