پارێزگاری تاران: ئاستی ئاوی بەنداوەکانی تاران لە 87% دابەزیووە

بەرپرسێکی ئێران ڕایگەیاند، چوار بەنداوی سەرەکی کە ئاوی خواردنەوە بۆ تاران دابین دەکەن، ئاستی ئاوەکەیان لە 87% دابەزیووە. بەمەش دەبێتە هەڕەشە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان. 

محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ڕاگەیاند، بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوە و پاک لە تاران، پێنج هێندە زیاترە لە دابینکردن. 

موعتەمیدیان گوتیشی، ئەو چوار بەنداوە سەرەکییەی ئاوی خواردنەوە بۆ تاران دابین دەکەن، ئاستی ئاوەکەیان لە 87% دابەزیووە، ئاماژەی دا، تەنیا بەنداوی تاڵەقان لە دۆخێکی تاڕادەیەک باش دایە.

پارێزگاری تاران باسی لەوەش کرد، 62%ـی ئاوی خواردنەوەی تاران لە ڕێگەی بیر و سەرچاوەی ئاوی ژێر زەویەوە دابیندەکرێت، دەشڵێت: ئاستەنگە بەردەوامەکانی بەردەم کەرتی ئاو بەهۆی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنان و زیادبوونی خێرای دانیشتوانە.

پێشتر کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران ڕایگەیاندبوو، بەهۆی وشکەساڵی پێنج ساڵی ڕابردوو و کەمی باران و کاریگەرییەکانی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، ماوەی 100 ساڵە تاران دۆخی وەها خراپ نەبووە.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەدا کە یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی تاران گەیشتووەتە نزمترین ئاست، هۆشداریشی داوە، کە قەیرانەکە لە هاویندا خراپتر دەبێت.

 

 
Fly Erbil Advertisment