لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی ئاسانکاریی خوێندن بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکرێت
لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ژمارەیەک ئاسانکاریی خوێندن بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش، بەتایبەت ڕزگاربووانی ئێزدی دەکرێن.
لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە و بە مەبەستی گەڕانەوە و بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن، ژمارەیەک ئاسانکاری بۆ ڕزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش بە تایبەت (ڕزگاربووانی ئێزدی) بکەن.
نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە و واژووی د. ئـومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنەکەی لەسەرە. نووسراوەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمار کراوە.
لە نووسراوەکەیدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوای ئەم ئاسانکارییانەی کردووە:
1. دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ وەرگرتنی ڕزگاربووانی دەستی تیرۆرستانی داعش لە گشت زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و خوێندنی باڵا و پێشکەشکردنی ئاسانکاری گونجاو بە ڕەچاوکردنی ئاستی زانستی.
2. لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی (پارالێڵ) لە گشت زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتتان.
3. سوودمەندبووانی هەردوو خاڵی سەرەوە تەنیا ئەو ڕزگاربووانە دەگرێتە کە لە لیستی ڕزگاربووانی بەردەست لە لایەنی پەیوەندیداری حکوومەت ناویان تۆمارە.
جگە لەمە، ماوەی ساڵێکە مینحەیەکی دارایی مانگانە لە لایەن نووسینگەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە پێشکەشی زیاتر لە 3500 ڕزگاربووی ئێزدیی دەستی داعش دەکرێت.
لە هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی ڕفاند.
تا ئێستا سێ هەزار و 589 کوردی ئێزدی لە دەست داعش ڕزگارکراون و چارەنووسی دوو هەزار و 500ـی دیکەش نادیارە و هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدرێت.