پەکەکە: هیچ گرووپێکی دیکە چەک دانانێت، ئەوەی داشینا ئامادەکاریی بۆ بەشداریی سیاسیی دەکات

دیمەنی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە لە سنووری سلێمانی
دیمەنی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە لە سنووری سلێمانی

دوای چەکداندانای یەکەم گرووپی پەکەکە، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی حزبەکە ڕایدەگەیەنێت، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیی، چەکەکانیان لەناو برد و ئێستا خۆیان بۆ بەشداریی سیاسیی دیموکراسییانە ئامادە دەکەن. دەشڵێت: پەکەکە هیچ رێورەسمێکی دیکەی چەکدانان ئەنجام نادات.

دوای چەکدانانی یەکەم گرووپی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) باس لەوە دەکرا، گرووپی دیکەش چەکەکانیان لەناو دەبەن، بەڵام سەرکردایەتیی پەکەکە لە نوێترین لێدوانییاندا دەڵێن، ڕێورەسمی دیکەی چەکدانان نابێت و ئەو گرووپەی کە چەکەکانیشی دانا، خۆیان بۆ خەباتی سیاسی ئامادە دەکەن و داوای هەنگاو لە دەسەڵات دەکەن.

هێلین ئومێد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە ڕایگەیاند: "گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیی، کە چەکەکانیان سووتاند، ئێستا خۆیان بۆ بەشداریی سیاسیی دیموکراسییانە ئامادە دەکەن. ئەو گرووپە و ئەندامانی پەکەکە ئەگەر گۆڕانکاریی دەستووریی بکرێت، بۆچی نەگەڕێنەوە بۆ تورکیا؟ ئێمە خەباتمان دەگۆڕین بۆ خەباتی سیاسی. رێوڕەسمی دیکەی چەکدانان جارێکی دیکە ناکرێتەوە. ئەو پەیامەی پێویست بوو لە مەراسیمەکە درا. لێدوانەکانی ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەکە گرنگ بوو، بەڵام هەنگاوی ئەوتۆ نەنراوە، لەسەرەتای پرۆسەکە بانگەشەی پێدانی مافی ئومێدی ئازادبوون بە ئۆجەلان کرا، بەڵام تاوەکوو ئێستا گۆڕانکاریی لە رەوشی ئۆجەلاندا نەکراوە."

 ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە، لە چاوپێکەوتنە میدیاییەکەی ڕایگەیاندووە، پێویستە پرۆسەکە و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن لەلایەن پەرەلەمانەوە بە یاسا مسۆگەر بکرێت. گوتیشی: " دەسەڵات بە خاویی هەنگاو بۆ پرۆسەکە دەنێت. پرسی کورد پرسێکی سەرەکی تورکیایە. ئەگەر ئەم پرسە چارە بکرێت تورکیا، دەبێتە وڵاتێکی سەرەنج ڕاکێش و بەپێچەوانە پێشناکەوێت، ئێمە دەمانەوێت دەرگا بە ڕووی سیاسەتی دیموکراسییانەدا بکرێتەوە، پێویستە پرۆسەکە و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن بە یاسا مسۆگەر بکرێت؛ چونکە دەکرێت بەهۆی دروستبوونی کێشەوە، دژایەتیی پرۆسەکە بکرێت، دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و دەبێت کۆمیسیۆەنەکە بتواننێت پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمان ئامادە بکات، یاسای دیموکراسی و ئازادی فەراهەم بکەن. ئەمانە پێویستن، بەبێ ئەمانە ئەو هەنگاوانەی دەینێین بێهودە دەبن."

ئەمە لە کاتێکدایە چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی دابمەزرێت، بەمەبەستی ئامادەکردنی زەمینەسازی یاسایی بۆ چەکدانانی پەکەکە.

ڕۆژی هەینی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment