ئێران ڕێگریی لە کەشتیەکی جەنگی ئەمەریکی کرد نزیک سنوورە ئاوییەکانی بکەوێتەوە

تەلەفزیۆنی ئێران بڵاوی کردەوە، هێزەکانی ئێران هۆشدارییان داوەتە کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکی لە کەنداوی عوممان کە نزیک نەبێتەوە لەو ئاوانەی سەربازانی ئێرانی لێیە، هاوکات بەرپرسێکی پێنتاگۆن ڕووداوەکەی بە ئاسایی وەسفکردووە.
تەلەفزیۆن ئێران بڵاوی کردەوە، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی ئێران بەسەر کەشتیی 'ڤیتز جێراڵد'ـی ئەمەریکی فڕیووە، لەوکاتەی کەشتییە سەربازییەکەی ئەمەریکا هەوڵی نزیکبوونەوەی لە ئاوەکانی سنووری ئێران دەدا.
ئاماژەی بەوەش کرد، هێلیکۆپتەرە سەربازییەکە چەندین جار هۆشداریی داوەتە کەشتییە ئەمەریکییەکە، کە لە ئاوەکانی ئێران دوور بکەوێتەوە. دواتریش هێزەکانی ئێران فەرمانیان بە کەشتیەکە کردووە "ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت و بەرەو باشوور" کەشتییەکەش بە ناچاری ڕێڕەوی خۆی گۆڕیووە.
بەگوێرەی سکای نیوز، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا باسی لە ڕووداوەکە کردووە و گوتیەتی: ڕووداوەکەی نێوان هێلیکۆپتەرەکە و کەشتییەکە شتێکی ئاسایی بووە.
ئەو بەرپرسە ڕاشیگەیاندووە، ڕووداوەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەرکی کەشتیی فیتزجێراڵد نەبووە، جەختیشی کردەوە "هەر ڕاپۆرتێک بانگەشەی پێچەوانە بکات درۆیە".
پێشتریش پێکدادان لەنێوان هێزەکانی هەردوو وڵات لە ئاوەکانی کەناری باشووری ئێران و بەتایبەتی لە کەنداوی عوممان ڕوویداوە.