تەمویلی مووچەی مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و سبەینێ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."

وەزارەتی دارایی و ئابووریی باسی لەوەش کردووە "سبەی هەینی، 25ـی تەممووزی 2025،دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج دەکرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025،  وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی (2025) کە بڕەکەی  120 ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

کۆتا جار وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردبێت، پێش زیاتر لە 85 ڕۆژ بووە؛ کاتێک 13ـی ئایاری ڕابردوو، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پاشان وەزارەتەکە دەستی بە دابەشکردنی مووچە کرد.