لێکۆڵەرێکی سیاسی: دوور لە چاوی میدیاکان چەکدانانی پەکەکە بەردەوامە؛ شەرع و عەبدیش لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە
لێکۆڵەرێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا زیاتر لە 800 چەکداری پەکەکە چەکەکانیان داناوە و زۆرینەشیان چاویان بە ئۆجەلان کەوتووە. ئاماژە بەوەش دەدات، بەمزووانە ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە.
پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، عەبدولرەحیم سەماوی، لێکۆلەر و چاودێری سیاسیی کوردی باکووری کوردستان، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، چەکدادانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمان؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 01:00ـی کوردستان24 بوو کە لە لایەن هەکار نهێلییەوە پێشکەش کرا.
کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە ئەنقەرە
ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، بۆ جاری یەکەم مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، لە دیمەشق کۆبوونەوە و ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد.
هەرچەندە بەرپرسانی سیاسیی تورکیا دەڵێن، پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـش دەگرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوە ڕەتدەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە، بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ ئەوان نەبووە و چەکەکانیان دانانێن.
لێکۆڵەرە سیاسییەکەی باکووری کوردستان ئەوەی خستە ڕوو، لە چوارچێوەی دانوستانەکانی پرۆسەی ئاشتی و هێورکردنەوەی دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، بەمزووانە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆدەبنەوە.
ئەرکی کۆمیسیۆنی پەرلەمان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی
بڕیارە سبەینێ هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا تایبەت بە پرۆسەی نوێی ئاشتی پێک بهێنرێت. پێشتر بڕیاردراوە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنەکەدا بەم شێوەیە دابەش بکرێن: ئاکپارتی 13، جەهەپە 7، دەم پارتی و مەهەپە و یەنی یۆل 3 و پارتەکانی دیکەش یەک ئەندامیان دەبێت؛ هەروەها ئەندامانی سەربەخۆش بە تیروپشک هەڵدەبژێردرێن.
عەبدولرەحیم سەماوی لەبارەی ئەرکی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان، گوتی "ئەو کۆمیسیۆنەی بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی پێکبهێنرێت، خۆی هیچ بڕیارێک دەرناکات، تەنیا پرۆژەیاسا دەنێرێتە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان تا پەسەند بکرێن و مەرجیش نییە هەموو ئەو پرۆژەیاسانە بکرێنە یاسا و دەربکرێن."
لێکۆڵەرە سیاسییەکە باسی لەوەش کرد، ئەو پرۆژەیاسایانە تایبەت دەبن، بە دانانی زەمینەسازییەک بۆ چەکدانانی پەکەکە و گەڕاندنەوەی چەکدارەکان بۆ تورکیا؛ ئازادکردنی پەرلەمانتار و زیندانیانی سیاسیی کورد؛ ڕێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی لەبەر چالاکیی سیاسی چەند ساڵێکە لە دەرەوە دەژین، لەگەڵ چەندان پرۆژەیاسای دیکە کە هەمووان لە بەرژەوەندیی کورددا دەبن.
بە گوتەی سەماوی "دوای ئەوەی پرۆژەیاساکان دەچنە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا و پەسەند دەکرێن، حکوومەتیش هەنگاوی کردەیی بۆ دابینکردنی مافەکانی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان دەنێت. هەڵبەتە هەر کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان نەخشەڕێگەی هەنگاوەکان دادەنێت و ئامادەکارییان بۆ دەکات."
لەبارەی ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، چاودێرە سیاسییە کوردەکە باسی لەوە کرد، لە زووترین کاتدا هەموو زیندانیانی سیاسی و لەنێوشیاندا سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئازاد دەکرێت.
"پرۆسەی چەکدادانی پەکەکە بەردەوامە"
پێشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو (11ـی تەممووزی 2025) گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.
لێکۆڵەرە سیاسییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی، لە ژێر چاودێریی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بەردەوامە و تا ئێستا نزیکەی 830 چەکداری دیکە لە سلێمانی و چەند شوێنێکی دیکەی هەرێمی کوردستان چەکەکانیان داناوە.
سەماوی ڕەتیکردەوە ئەو چەکدارانەی پەکەکە کە چەکەکانیان داناوە گەڕابنەوە شاخ و گوتی "بەشێکی ئەوانەی چەکەکانیان داناوە، سەردانی ئیمراڵییان کردووە و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەتەوە؛ هەروەها ڕۆژانە دیداری نێوان ئۆجەلان و سەرکردەکانی باڵا پەکەکە بەردەوامە و حکوومەتی تورکیا ڕێگەی بۆ ئەو چاوپێکەوتنانەی خۆش کردووە."
سەرەتای هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی و هەڵوەشانەوەی پەکەکە
یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکوومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکەش لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.