پۆلیسی هەولێر دوو تۆمەتباری مەترسیداری دەستگیر کرد

لە دوو ڕۆژی ڕابردوو بەشێک لە میدیاکان بڵاویان کردەوە، گوایە لە هەولێر هێزی لایەنێکی سیاسی بە شەق لە کەسێکیان داوە و کابرا هیچ تاوانێکی نییە، بەڵام پۆلیسی هەولێر لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: دوو تۆمەتبار لە کاتی دەستگیرکردنیان ڕووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوونەتەوە.

پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، دوو تۆمەتباری مەترسیداری بە تۆمەتی دزیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیرکران.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتبارەکان پێشینەی تاوانیان هەیە و پێشتریش چەندین دزیی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە وەک، دزینی پارە و ماتۆڕسکیل و هەروەها ماددەی هۆشبەریشیان بەکار هێناوە و چەکی بێ مۆڵەتیشیان هەڵگرتووە، لە کۆتا تاوانیشدا قاسەیەکیان شکاندووە و بڕی 24 ملیۆن دیناری عێراقییان دزیوە.

باسیان لەوەش کردووە، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا یەکێک لە تۆمەتبارەکان ویستوویەتی ڕووبەڕووی پۆلیس ببێتەوە و دواتر خۆی بکوژێت، بەڵام تیمەکانیان ڕێگرییان لێ کردووە، نەیانهێشت خۆی بکوژێت و دەستگیریان کرد.

هەروەها لە شوێنی مانەوەشیان دەست بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گیراوە، تۆمەتبارانی ئاماژە پێکراو، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.

 

 
 

Fly Erbil Advertisment