لە سنووری هەڵەبجە نەوتی سپی دابەش دەکرێت

دابەشکردنی نەوتی سپی  (ئەرشیف)
دابەشکردنی نەوتی سپی (ئەرشیف)

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026،  پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری هەڵەبجە دەستپێدەکات و سەرەتاش لە ناوچە شاخاوییە ساردەکانەوە نەوت دابەش دەکرێت.

سۆران کەمال، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند "خشتەکانی دابەشکردنی نەوت ئامادەکراون و ئەمڕۆ لە تەوێڵە و بیارە دەست بە دابەشکردن دەکەین".

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە، بۆ هەر خێزانێک 100 لیتر نەوت بە نرخی 33 هەزار دینار دابین کراوە.

سۆران کەمال ئاشکرایکرد، تا ئێستا ملیۆنێک و 154 هەزار لیتر نەوت بۆ پارێزگاکە دابین کراوە. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، رۆژانە تانکەرێک بە بڕی 36 هەزار لیتر دەگاتە دەستیان و پرۆسەکە تا گەیشتنی نەوت بە سەرجەم خێزانەکان بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.

سۆران کەمال روونیکردەوە، ئەگەر بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر نەوت تەرخان بکرێت، پێویستیان بە زیاتر لە شەش ملیۆن لیتر نەوت دەبێت، بەڵام بەهۆی کەمیی پشکی دابینکراو، تەنیا 100 لیتر بە هەر خێزانێک دەدرێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە سنوورەکانی سۆران و ئامێدی بە خاویی بەڕێوەدەچێت. بە جۆرێک رۆژانە تەنیا یەک یان دوو تانکەر نەوت دەگاتە ئەو ناوچانە و دابەشکردنەکەش تەنیا سنووری بریکارێک یان دوو بریکاری خۆراک دەگرێتەوە.

دوای هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری دا 50 ملیۆن لیتر نەوتی ماڵان و 760 تۆن گازی شل بە هەرێمی کوردستان بدات، بەمەش دوای تەواوکردنی رێکارەکانی نێوان پارێزگاکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەر پارێزگایەک راستەوخۆ دەتوانێت لە عێراقەوە بەشە نەوتی خۆی وەربگرێت، هاوکات ئەو بڕە نەوتەی حکوومەتی فیدراڵ بە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانی دەدات، تەنیا 19%ـی ئەو بڕە پێویستەیە کە داواکراوە.