نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەکاربوو
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لوقمان فەیلی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەڕاوەکانی پشتیوانی خۆی پێشکەش بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ بوون بە باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە نەتەوە یەکرتووەکان.
لە میانی مەراسیمی پێشکەشکردنی پەڕاوەکانی پشتیوانی، لوقمان فەیلی سڵاوی حکوومەتی عێراقی گەیاندە سکرتێری گشتی و ستایشی هەوڵەکان و پاڵپشتی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ عێراقی کرد لە بوارەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، هەروەها هاوکاری مرۆیی و ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی توانای دامەزراوەیی.
لوقمان فەیلی، پابەندبوونی هەمیشەیی عێراقی بە پرەنسیپ و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئامادەیی بۆ هاوکاریی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ئۆرگانە جیاوازەکان دووپاتکردەوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات و بەشداربێت لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش و گەشەپێدان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
لە بەرانبەردا، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ درێژەدان بە پاڵپشتیکردنی بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری دووپاتکردەوە.
پرۆفایلی لوقمان عەبدولڕەحیم فەیلی:
لەدایکبووی ساڵی 1966ـە و ڕەگەزنامەی بەریتانییە جگەلە ڕەگەزنامەی عێراقی.
ساڵی 2019، سەرۆکی فەرمانگەی ئەمەریکای باکوور و باشوور بووە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق.
ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ڕاوێژکاری عێراق و ئەندامی ناوەندی دیالۆگی ڕافیدەین و پەیمانگەی کارگێڕی بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی ئەمەریکا بووە.
ساڵی 2018 و 2019، وەک گوتەبێژی فەرمی سەرۆک کۆماری عێراق کاری کردووە، لەگەڵ ڕاوێژکاریی کاروباری پەیوەندییە گشتییەکان و کارگێڕی و پلاندانانی ستراتیجی لە وەزارەتی دەرەوە لە ساڵانی 2017 و 2018، لە ساڵانی 2013 بۆ 2016، باڵیۆزی عێراق بووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ژاپۆنیش ساڵانی 2010 بۆ 2013 بووەتە باڵیۆزی عێراق، ساڵی 2010ش بووەتە باڵیۆزی وەزارەتی دەرەوە.
ماستەری لە کارگێڕی کار و تایبەت کارگێڕی تەکنەلۆژی ساڵی 2006 لە زانکۆی مانشستەر مترۆپۆلیتان بەدەستهێناوە.