دەم پارتی پەیامی نوێی ئۆجەلانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بڵاوکردەوە
شاندی دەم پارتی لە ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە و پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا کرد.
ڕۆژی هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ دوورگەی ئیمراڵی، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان؛ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە و ئەمڕۆ شەممەش، 26ـی تەممووزی 2025، ڕاگەیەنراوێکی نووسراویان لەبارەی ئەنجامی دیدارەکەیان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، کۆبوونەوەکە "سێ کاتژمێر و نیوی" خایاندووە و گفتوگۆیان لەبارەی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، یڵماز تونچ، وەزیری داد و پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستان، کردووە.
پێشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو (11ـی تەممووزی 2025) گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.
وەکوو ئەوەی شاندەکەی دەم پارتی باسی کردووە، ئۆجەلان لەبارەی ڕێوڕەسمی چەکدانانی ئەو گرووپەی پەکەکە، گوتوویەتی "شێوازی مەراسیمەکە، ئەو ئیرادەی نیشان درا، بیر، باوەڕ و بڕیارداری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە زۆر سەنگینە."
ڕۆژی هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کرد ناوی ئەندامانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشکێش بکەن کە بڕیارە لە 51 ئەندام پێکبێت.
بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، ژمارەی ئەندامی لایەنە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنەکەدا بەم شێوەیە دەببێت: ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە چوار ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێش سێ ئەندام؛ هەریەکە لە هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاران، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا، لە چاوەڕوانی ئەوەدایە کارەکانی کۆمیسیۆن لە پەرلەماندا بەرفروان بێت و بە بەرفروانترین شێواز هاوکارییەکی گرنگ لە ئاشتی و دیموکراسی بکات."
چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکوومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکەش لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.