وەیسی ئاکتاش ئازاد کرا

وەیسی ئاکتاش
وەیسی ئاکتاش

دوای مانەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە 31 ساڵ لە چەند زیندانێکی جیاواز، وەیسی ئاکتاش ئازاد کرا. 

بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وەیسی ئاکتاش، یەکێک لە زیندانیانی ئیمراڵی، دوای زیاتر لە 31 ساڵ و سێ مانگ، ئەمڕۆ شەممە، 26ـی تەممووزی 2025، ئازاد کرا. 

وەیسی ئاکتاش لە ساڵی 2015ـەوە بۆ زیندانی دوورگەی ئیمراڵی گواسترابووەوە و 10 ساڵ بوو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێكارانی کوردستان (پەکەکە)ـدا بوو. بەم دواییانە ببووە ئەندامی سکرتارییەتی ئۆجەلان. 

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتیدا دوو جار دەرکەوتووە، جاری یەکەمیان لە کاتی بڵاوکردنەوەی یەکەم پەیامی ئۆجەلان بوو لە 27ـی شوباتی ئەمساڵ. جاری دووەمیشیان، لە کاتی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بوو لە 9ـی ئەم مانگە. 

وەیسی ئاکتاش کە خەڵکی ئامادی باکووری کوردستانە، لە ساڵی 1994 بە تۆمەتی "دابڕاندنی بەشێک لەو خاکەی کە لەژێر قەڵەمڕەوی دەوڵەتی تورکیادایە" دەستگیر کرا و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

 لە ٢٨ـی نیسانی 2024 بە گوێرەی یاسای جێبەجێکردن کاتی 30 ساڵ زیندانیکردنی ئاکتاش تەواو بوو، بەڵام بە بەبڕیاری دەستەی بەڕێوەبەری و چاودێریی زیندانی ئێمراڵی ،بەردانی وەیسی ئاکتاش بۆ ساڵێک دواخرا.