واشنتن پۆست: ئیسرائیل سەدا 80ـی سەکۆی هەڵدانی مووشەکەکانی ئێرانی لەناو بردوون

سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی ئێرانی
سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی ئێرانی

ڕۆژنامەیەک بڵاویکردووەتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا شەڕی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتەی زۆر دواخستووە و ئێستا ئێران وڵاتێک نییە بتوانێت بەخێرایی چەکی ئەتۆمی دروست بکات.

ڕۆژنامەی 'واشتن پۆست'ـی ئەمەریکی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاندووە، بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕە 12 ڕۆژییەکەی ئیسرائیل و ئێرانەوە، ئێستا حکوومەتی ئێران بۆ دروستکردنی یەک چەکی ئەتۆمی، لانیکەم یەک بۆ دوو ساڵ کاتی پێویستە، ئەویش ئەگەر بتوانێت بە نهێنی درێژە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکاوە، بەشێ زۆری "سەنتەرفیوچ"ـەکانی پیتاندنی یورانیۆم و دامەزراوە بەرهەمهێنەرەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان لەناو چوون و شوێنێکی نهێنییش کە دەگوترێت 400 کیلۆگرام یورانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی زۆری تێدا پارێزراوە؛ بەهۆی هێرشەکانەوە لەژێر خاکدا نێژراوە.

ڕۆژنامەکە پێی وایە گرنگترین بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل کە زۆر سەرنجی خراوەتە سەر، لەناوبردنی زانایانی ئەتۆمیی ئێرانە کە لە سەرەتای هێرشەکەوە زانایانی پلە یەک و دوو و سێی ئەتۆمیی ئێران کوژران و ئەوەش زەبرێکی قورس بوو لە بەدەنەی زانستی و تەکنیکیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و نەوەی نوێی زانایان لەو بەرنامەیە دڕدۆنگ دەکات.

ڕاپۆرتەکە جەخت لەوەش دەکات کە زەبری کۆتایی فڕۆکەکانی "بی-2" ئەمەریکا لە دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێرانیاندا و یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەو هێرشە لەناوبردنی ژێرخانەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بوو، لەوانە بنکەی فەرماندەیی، تاقیگەکان، ئامێرەکانی تاقیکردنەوە و ئەرشیڤەکان. هاوکات نیوەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و 80%ـی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئەو وڵاتە لەناو براون.

واشنتن پۆست نووسیویەتی، ئەگەری هەیە یەکێک لە کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە هاندانی ئێران بێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بەپێ ئەو زیانەی پێیان گەیشتووە، ئاسان نییە.